۞ مدیریت پایگاه خبری:
این وبسایت درحال بروزرسانی میباشد، لطفا شکیبا باشید

  • شناسه : 668
  • ۱۶ مهر ۱۳۹۸ - ۱۳:۴۰
  • 45 بازدید
  • ارسال توسط :
مامە ر ه حەی  کەلی‌خانی بانە
مامە ر ه حەی  کەلی‌خانی بانە

مامە ر ه حەی کەلی‌خانی بانە

مامە ڕەحەی سونج پیاوە بەفرینەی ڕاستەقینەی کەلی‌خانی بانە بوو کە بەبێ ماندوویی لە بەرانبەر زوقم و کڕێوە خۆڕاگر بووە و بە ھانای ڕێبواران و کاروانیەکانی زستانەوە دەچوو تا لە ڕەق بوونەوە ڕزگاریان بکات

ئەگەر لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی ھۆلەند دەبیستین پێترۆس بە پەنجەی بەر بە گەورە بوونی کونی بەنداوێک دەگرێت تا شارێک لە لافاو ڕزگار بکات، ئەگەر لە ئێران ڕیزعەلی خاجەوی (دھقان فداکار) ھەیە و کردوویانە بە چیرۆکی کتێبەکان و ئەگەر لە ھیمالایا و ترۆپکی ئێوێرێستدا بیستوومانە کە پیاوە بەفرینە ھەیە فیلمیشیان لەم چیرۆکانە دروست کردوون، ئەوا کەلی‌خانی بانە لە بناری زنجیرە چیاکانی زاگرۆس پیاوە قارەمانێکی ڕاستەقینەی بە خۆیەوە بینیوە کە گیانی سەدان کەسی لە مردن ڕزگار کردووە.

مامە ڕەحەی سونج پیاوە بەفرینەی ڕاستەقینەی کەلی‌خانی بانە بوو کە بەبێ ماندوویی لە بەرانبەر زوقم و کڕێوە خۆڕاگر بووە و بە ھانای ڕێبواران و کاروانیەکانی زستانەوە دەچوو تا لە ڕەق بوونەوە ڕزگاریان بکات. کەلی‌خان بە بەرزایی ۲۰۷۳ پێ شاخێکی بەفرگرە کە لە درێژەی ساڵدا چەندین جار باڕەشی قایم دەیگرێتەوە. پێش ساڵی ۱۳۶۶ی ھەتاوی کە تونێلی لێ ساز بکرێت (کە دواتر ناوی تونێلەکە نرا مامە ڕەحەی کەلی‌خان)، ڕێبواران ناچار بوون بچنەوە نزیک لوتکەی کەلی خان و لە جادەی کۆنەوە تێپەڕبن.

“ڕەحمان گەردەنە” ناسراو بە مامە ڕەحە لەدایکبووی ساڵی ۱۲۵۶ی ھەتاوی گوندی سونج بووە بەڵام زۆربەی تەمەنی لە سەرسونجی ژیاوە کە ئەوکات ۲۰ماڵێک دەبوو ماڵی ئەوانیش لەپشت مزگەوتی ئاوایی بووە. لە بەھار و ھاویندا دەچووە کوێستان و گیادروون و لەنێوان ساڵەکانی ۱۲۸۰ تا ۱۳۳۰ کە لەنێوان سەقز و بانە جادە نەبووە ھەموو ڕۆژێک کاڵە و پوزڵۆکی ھەڵدەکێشا و پەستەکی لەبەر دەکرد و قایشی لە پشتوێن دەبەست و بەنێکی لەسەر ناوکی دەبەست و سەرکڵاوی دەنا و بەرەو کەلی‌خان و مامەڵخان بەڕێ دەکەوت. ڕیشی مامەڕەحە وەک بەفری کەلی‌خان سپی بوو؛ ھەمیشە یەخەی ئاوەڵا بووە و مووی سپی سەرسنگی کە لە کەوا مورادخانیەکەیەوە ھاتبووە دەر تێک ھاڵا بوو. ئامینەی بووکی مامە ڕەحە دەگێڕێتەوە کاتێک لە کەلی‌خان دەگەڕاوە کڵۆکڵۆ بەفر بەسەر سنگی بەستەڵەکی کردبوو لێی دەکردەوە دەیگوت ھانێ بیگرن نوقڵم بۆ ھێناون.

مامە ڕەحە بەھۆی ھەژاری و بە ناچاری لە تەمەنی ۷۰ساڵاندا وەک کاتی گەنجیەتی شاخ و بەفری دەبڕی و ئەوەی ناوی بیستبێ سەرسامی ئازایەتیەکەی بووە. بە گۆچانێکی زل و ئەستوورەوە بەناو تەم و مژی کەلی‌خان بەبێ ئەوەی ڕێ ون بکات لە پێش کاروانیەکانەوە لەنێوان گوندەکانی سابات (سەبەدڵوو) و کێلەشین ھاتووچۆی دەکرد. بۆ پاراستنی گیانی خەڵک خۆی لە کلیلە و شوێنە ھەرەساویەکان دەبوێری و شارەزای ھەموو کەلێن و قوژبنی شاخەکان بوو چونکە لە منداڵیەوە سەدان جار ھاتووچۆی پیا کردبوو ڕێگاکانی دەناسی. لە باڕنەکانەوە کە بەھۆی با بەفری کەمتر پێوە دەنیشت پێشیان دەکەوت و لە کاتی بەفر و بۆرانی قورس، چەندین چڵ داربەڕووی پاش خۆیان لەبەفر دەچەقاند کە ڕێگەی گەرانەوەیان دیاری بکات. لە ڕزگارکردن و یارمەتیدان لە نێوان ھەژار و دەوڵەمند و کەسی مەدەنی و حکومی ھیچ جیاوازی نەخستووە و بگرە زیاتر یارمەتی ھەژارانی داوە تا دەوڵەمەند.

ساڵانی ڕابردوو لەئاست ئێستا بەفرێکی قورستر دەباری و بانە ڕێگەوبانی سەردەمیانەی نەبوو، جادەیەکی خۆڵ و تەسک بانەی بە سەقزەوە دەبەستەوە کە لە ھاویندا تەپوتۆزی زۆر و لە زستاندا بەفر و قوڕ ئاستەنگی ھاتوووچۆی دروست دەکرد. زۆر کات کە نەخۆشێک پێویستی بە نەشتەرگەری بوو بە یارمەتی مامە ڕەحە و کوڕەکانی لە کەلی‌خان دەیانپەڕاندەوە تا بیبەنە سەقز بۆ چارەسەری. لە ڕۆژێکی سەرماوی بەفرانباردا کە بەفر ھەموو شوێنێکی داپۆشیبوو کۆمەڵێک خەڵک دەیانویست دوو نەخۆش بگەیەننە شاری سەقز لە گیرۆدەی بەفر و سەرمای کەلی‌خان دەبنەوە. ھێز و توانایان بۆ ڕۆشتن و گەڕانەوە نەمابوو، یەکێک لەوانە مامە ڕەحەی دێتەوە بیر بە ھەموویان ھاواری مامەڕەحە دەکەن و دەڵێن فریامان کەوە. ھەموو سەیری چواردەوریان دەکەن تا لە ناکاو یەکێکیان ھاوار دەکات پاڵەوان ھات. مامە ڕەحە وەک فریشتە لەناو بەفر و بۆراندا دەردەکەوێت و بەھانایانەوە دێت، ھەردوو نەخۆشەکە ھەڵدەگرێت و پێشیان دەکەوێت و ڕزگاریان دەکات.

ھەرکات دەنگی زەنگۆڵەی قەتارچیانی کاورانیان لەدوورەوە دەبیسترا خەڵکی بانە بە پێشوازیانەوە دەھاتن چونکە زۆرکات لە ھەمەدان و زەنجانەوە مانگێک ڕێیان دەپێوا و خواردن و کەلوپەلیان دەھێنا بۆ بانە تاکوو خەڵک لە زستان بێ خواردن نەمێنێن. ھەر ئەم کاروانیانە بوون کە لە شەڕی دووھەمی جیھانیدا کاتێک شاری بانە سووتا کەلوپەلی خەڵکی شاریان دەبردە دەرەوە چونکە ئەوکات خەڵک ھەژار بوون و ھەموو ماڵەکەیان باری وڵاخێک بوو.

گوندی سونج‌ لەکاتی “خولە قەتارچی” کاروانی ھەبووە و کاروانیان بە باری وشتر و گوێدرێژەوە لێی تێپەڕ دەبوون. کاروانیان کە لە بانەوە دەرئەچوون سەرلەبەیانی لە قاوەخانەی شاعەبباسی بە ڕووی کێلەشین یا لە سەبەدڵوو کۆ دەبوونەوە و چاوەڕێی مامە ڕەحەیان دەکرد. سەبەدڵوو کە پێشتر ناوی “سابات” بووە و دوای ھێرشی تورکی عوسمانی داگیرکەر ناوەکەیان بۆ سەبەدڵوو گۆڕی، شوێنی یەکگرتنەوەی کاروانیان بوو. گوریسیان لە قاچی خۆیان دەبەست کە کە لێک نەبڕێن و مامە ڕەحە لە پێشیان دەڕۆشت ئەوانیش لەدوای دەھاتن. ھەر ڕێبوارێک کە توانای ڕۆشتنی نەدەما کۆڵێ دەکرد و لە خواردنی خۆی بەشی دەدا. کاروانیەکان نان و خورما و کەمێک دراویان دەدا بە مامەڕەحە و ژیانی ھەژارانەی لەو ڕێگەوە دابین دەکرد بەڵام لەدوای ئەو ساڵانە کە جادە لێدرا، ئوتۆمبێل جێی مامە‌ڕەحە و کاروانیەکانی گرتەوە.

ئازایەتی مامەڕەحە لە باوو باپیرانیان بە میرات پێی گەشتووە دەگێڕنەوە باوکی مامە ڕەحە بە ناوی موڕتەزا کە ھەردووچاوی نەیبینیوە کاری تەنەکە لێدان بووە تا ورچ گوێزەکان نەخوات و بەراز ھەرزنەکان نەکێڵێت. لە چەمی شیوی چیکەڵان ورچ بە گوێزەکان فێر ببو ھەموو شەو بە دارگوێزەکان ھەڵدەگەڕا و گوێزەکانی دەخوارد و ھیچیان لەگەڵ نەدەکرا. موڕتەزای باوکی مامە ڕەحە دەڵێت لە تەنیشت دار گوێزەکە چاڵێکم بۆ ھەڵبکەنن ئەچمە ناوی دائەنیشم تا دێت ئینجا دەیکوژم. پێی دەڵێن ئاخر تۆ چاوت نابینێ تێکت ‌دەشکێنێ ئەتکوژێ، موڕتەزا دەڵێت ئاگام لە چرپەکەیەتی ئێوە کارتان نەبێ حەزئەکەن بۆتان ئیمزا دەکەم ھەرچیم بەسەر ھات خوێنی خۆم لەسەر خۆم. موڕتەزا دەبەنە ناو چاڵەکە و دای‌ئەنێن شەو ئاگای لێ دەبێت کە ورچەکە بە دارەکەیا ھەڵدەگەڕێ گوێی پێ نادات. ورچەکە دوای گوێز خواردنێکی زۆر بە سەرەوە لە دارەکە دێتە خوار موڕتەزا باوەشی دەگرێتەوە تا سەری ورچەکە لە سنگی ڕەد دەبێ باوەشی پیا دەکات  بە ھەموو توانا دەیگووشێت بە دار گوێزەکەوە. دەڵێن ورچەکە کە گوێزێکی یەکجار زۆری خواردبوو موڕتەزا ھێندەی گووشیبوو خۆی پیس کردبوو ھیچی ئەو شوێنەی نەھێشتوە تا بە دەستیەوە شل نەبووە و نەیکوشتووە وازی لێ نەھێناوە. بەیانی خەڵک دەڵێن با بچین بۆلای ئیستا ورچەکە موڕتەزای کوشتووە، کاتێ دەگەنە لای دەبینن موڕتەزا کە دەستی لە ورچەکە ھەڵپێکاوە ھێشتا بەردی نەداوە.

مامە ڕەحەی دوای ھاوسەرگیری لەگەڵ خانمێ کە خەڵکی بنەخوێ بووە ئەبێتە باوکی دوو کچ بە ناوەکانی ئامینە و فاتمە و دوو کوڕ بە ناوەکانی موحەمەد ساڵح و قادر کە خەڵک کوڕەکانی بە گەردەنەیی بانگ دەکەن کە لە باوکیانەوە پێیان گەشتووە. کچەکانی ھەر بە منداڵی گیانیان لە دەست داوە و کوڕی گەورەی مامە ڕەحە بە ناوی مامە قالە لە ساڵی ۱۳۸۸ی ھەتاوی لە گوندی بنەخوێ کۆچی دوایی کردوە و مامە ساڵە ئێستاکە نیشتەجێی سوونجی خوارووە. چەندین کوڕ و کوڕەزای مامە ڕەحە کە بە نازناوی “گەردەنە” دەناسرێن وەک باپیریان ئازا و بەتوانان و زۆریان لە گوندی بنەخوێ ژیان بەسەر دەبەن.

مامە ڕەحە دوو گوێ‌درێژی ھەبوو، لە سەرلەبەیانی بەھار و ھاویناندا ھەردوو کوڕەکانی لەخەو ھەڵدەستاند و سوار گوێدرێژەکانی دەکردن و خۆی پێشیان دەکەوت. مامە ساڵەی کوری دەڵێت بەسەر گوێدرێژەکانەوە باوێشکمان دەدا مامە ڕەحە بە زەردەخەنەوە لێی دەپرسین تێرخەو نەبوون ئێمەش چاومان ھەڵدەبڕی باوکمان دەبینی لەپێشمانەوە دەڕۆشت. کاتێ دەگەشتینە کونە ورچ لەنزیک کێلەشین گوێدرێژەکانی دەبەسەتەوە و تفاقی بەر دەخستن و کۆپانی لێ دەگرتنەوە. ئاگری دەکردەوە چایی ساز دەکرد و نان و چاییمان دەخوار. دوای بڕێک ئاڵف حەوا دان خۆر گەرم دادەھات ناشتامان دەکرد و باوکم ئەیوت با پشووەک بدەین و بخەوین. ئێمەی ئەخەواند کاتێ خەبەرمان دەبۆوە دەمانبینی خۆی خەریکی کارە دڵی نەھاتووە خەبەرمان بکاتەوە. ئێمەش دەچووینە لای یارمەتیمان ئەدا تا سێ سەعاتێکی دەمان بۆ خۆرئاوا بوون گوێدرێژەکانی لە تەڕەبار بار دەکرد و خۆشی کۆڵێکی لەکۆڵ دەنا. لە نزارەکانی دەورووپشت ھەر دارەو کۆڵێک ھەڵزی پێوە ھەڵنابوو بەو شێوەی بژێوی ھاوینی دابین دەکرد.

لە وەرزی سەرما کە دەچۆوە چەمی خان بە خانمێی خێزانی دەوت دە‌-‌دوانزە بابۆڵەم بۆ وەپێچە با بڕۆم. ڕۆژی وابوو بابۆڵە ھەڵوا، بابۆڵە ڕۆنەکەرە یا بابۆڵە خورماوڕۆن یا بابۆڵە ھێلکەی دەخستە گیرفانی ھەرکەس پەکی دەکەوت بابۆڵەیەکی دەدایێ و دەیگوت ھانێ بابۆڵە بخۆ یا کەشکێک بخەرە دەمتەوە ئیتر ھێز دەگریت. مامە ڕەحە ھەمیشە گیرفانی کەشکی تیابوو بەدەم ڕێگەوە کەشکێکی دەخستە ناو دەمی دیسوو تا تەواو دەبوو، ھەرکەسیش لەسەرما ھێزی نەمایە کەشکێکی پێ دەدا بیخستایە دەمی پێی دەوت بۆ سەرما باشە.

چاوی لە ماڵی دنیا و لە دەستی کەس نەبووە، نانی ئەمشەوی ھەبوا خەمی سبەی نەبوو کە بڵێت نیمە، ھەرچی لێبوا دەیخوارد و خەمی پاشەڕۆژی نەبووە.

لە چەند جێگەی کەلی‌خان قاوەخانە بۆ پشوودانی کاروانیان دروست کرابوو وەکوو قاوەخانەی ڕووس بە ڕووی بانەدا کە عەزە تورکەی لەسەر بوو لەگەڵ قاوەخانەی شاعەبباسی کە لە بەرد و خشتی سوور و قسڵ (ئاھەک) بوو سەرەکەی گومبەزی و درگاکەی کەوانی بوو. ڕووسەکانیش بۆ سەربازەکانیان جادە‌-‌ماشینێکی تەسک و لێژیان دروست کردبوو بەلای کانی ڕووسدا دەھاتە خوار بەڵام ئێستا ھەموویان خاپوور کراون و بەشێک لە ئاسەواری جێ‌ماوە. چیرۆکی ئەو بارگیرە کە مامە ڕەحە داویەتی بەسەر شانیدا پشتاوپشت دەیگێڕنەوە بەو شێوە بووە لەکاتی بەڕێ‌کردنی کاروانێک لەو دیو تونێلەکە لە گرێ‌بەردان لەنزیک قاوەخانەی شاعەبباسی بارگیرێک پەکی دەکەوێت مامە ڕەحی لەکۆڵی دەنێت کاتێ دەگەنە نیوەڕێی گرێ‌بەردان بارگیرەکە بەسەر شانیەوە دەتۆپێ. خاوەنی بارگیرەکە بە مامە‌ڕەحە دەڵێت تۆپیەوە داینێ مامەڕەحە دەڵێت “حەقی خۆم ناقز ناکەم و سەگی سونجیش بێ گۆشت ناکەم”. پاشان تاسەر گەردەنە بە کۆڵ دەیبات و لەوێوە گوریسێکی تێ‌دەخات بەرەو ناودێی سونج ڕایدەکێشێت.

ئەو ڕێگایانەی کەلی‌خان کە ھەرەساوی و بەفرگر بوون بریتی بوون لە: کلیلەی چاوەشان‌-‌ کلیلەی ئەحمەد ئاشوور‌-‌کلیلەی کڵاوڕەش‌-‌‌‌ کلیلەی میرەدێیەکان (کە لەساڵەکانی ۱۳۳۲ لە ھەرەسێکدا ۱۸کەس گیانی خۆیان لەدەست دا)‌-‌‌ کلیلەی بەدەخورمای‌-‌ کلیلەی دۆڵەڕەش (ھەوارە دۆمان)‌- ‌کلیلەی کانی دڵوەری.

مامە ڕەحە کاتێ بە ھانای لێقەومانای ناو بەفر دەچوو بە تەنیا نەدەڕۆشت بەڵکو حەوت بۆ ھەشت کەسی لەگەڵ بوو کە بە پێمەڕە و ھەمانە ڕێگاکەیان پاک دەکردەوە و یارمەتیان داوە وەک دەروێش حەسەن و حاجی حسەین کە ئێستاش لە ژیاندا ماون. کە بەرەو گەردەنە دەڕۆشتن ھەریەک بارەچیلکەیان لەگەڵ خۆیان دەبرد بۆ قاوەخانەی شاعەبباسی کە بیسووتێنن خۆیان گەرم وەکەن و قاوەچیەکەش پوڵی چایی لێ نەدەسەندن؛ پاشان بە گرێی بەردان سەر دەکەوتن بۆ ڕەچە شکاندن و ڕێ کردنەوە.

لە چەمی نێوان قوڕچاوو سونج چەتە ھێرش دەباتە سەر ھێزێکی سوپای ئەوکاتی شا و بڕێکی زۆر سەرباز و ئەفسەر دەکوژرێن. مامە ڕەحە کە گوێبیستی تەقە دەبێت دوای شەڕەکە بە مەبەستی یارمەتیدان دەچێتە لایان. کاتێک دەبینن پیاوێکی بەخۆ بەرانبەریان دێت گومانی لێ دەکەن کە ئەویش چەتە بێت، دەیپشکنن بەڕێکەوت فیشەکێکی لە گیرفان دەبێت کە مامە ڕەحە ھەر بۆ جوانی لە گیرفانی خستووە. ھەر خێرا ئەفسەرێک بە دارێکەوە دەیبەستێتەوە کە گولەبارانی بکات بەڵام ئەفسەرێکی کەیان لێی توڕە دەبێت و دەڵێت ئەوە مامە ڕەحەیە کە تا ئیستا گیانی سەدان کەسی ڕزگار کردووە، ئەگەر ئەو نەدەبوو من زۆر پێشتر لە گەردەنە سەرما ڕەقی دەکردمەوە، ئیتر مامە ڕەحە بەر دەدەن و ڕزگاری دەبێت.

لەو کاتەی کە سەردەمی ئاغا و ڕەعیەتی بووە و ئاغاکان ھاتووچویان بەسەر کەلی‌خانەوە بووە ھەمووکات موحتاجی مامە ڕەحە بوون. ئەحمەخانی بەلوە لە بەرانبەر یارمەتیەکانی، پێشنیاری بە مامە ڕەحە داوە قەباڵەی قوڕوچاوی بۆ بنووسێت و ئەو گوندە بکات بە ناویەوە بەڵام مامە ڕەحە نەیویستووە وتوویەتی ویژدانم قەبوڵی ناکات چونکە ئەو یارمەتیانە تەنھا لە ڕێی خودا ئەیدەم. لە بەرانبەر ئەو کارەی دەیکرد نرخێکی کەمی پێ دەدرا و قەناعەتی دەکرد. زۆر کاتیش بەبێ بەرانبەر یارمەتی ھەژارانی داوە و ھەر کرێکارێک کە کاری بۆ دەکرد ئەگەر داوای پوڵی لە کاروانیەک بکردایە جوابی دەکرد چونکە پێشترپێی وتبوون ھەرچەند پوڵیان پێدان ڕازی بن و داوای زیاتر مەکەن.

جارێکیش پیاوێک بە ناوی مام فەرەج خەڵکی بڵەسەن دەیەوێ لە کەلی‌خانەوە تێپەڕێت، مامە ڕەحە پێی دەڵێت مام فەرەج ڕێگە ناخۆشە مەڕۆ دەرناچی ڕەق دەبیتەوە.

مام فەرەج دەڵێت بە قسەت ناکەم دوو گوێدرێژم پێیە منەتی خوا نەبێ منەتی کەس ناکێشم و ھەر دەڕۆم. ڕۆژی دواتر مامە ڕەحە دەڵێت ئەو پیاوە زۆر ئینکار بوو بەگوێی نەکردم ئەگەر ڕۆشتبێت ڕەق بۆتەوە. کاتێ دەچن لەپشت پردەکەی خاپورەدێ چاویان پی دەکەوێت ھەردوو گوێدرێژەکەی لەسەر بنچکێ پیزڵک دەلەوەڕێن و جەستەی بێ‌گیانی مام فەرەج لە تەنیشتی کەوتووە و لە سەرما ڕەق بۆتەوە. تەرمەکەیان ھەر لەو شوێنە لە دراوی کانی‌سپی لەپشت پردەکەی خاپورەدێ تەسلیم بە خاک کردووە کە ئەو شوێنە بە قەبرەکەی مام فەرەج دەناسرێت.

یەکێک لە چیرۆکە سەرنج ڕاکێشەکانی ژیانی مامە ڕەحەی کەلی‌خان چیرۆکی مردنی بووە. لە ڕۆژێکی بەھاردا کە بەفر دەتوانەوە و کوێستان خەریبوو پێدەگەشت مامە ڕەحە وەک جاران ئازا و توانا لە چەمی خانەوە تێپەڕ دەبوو چەند جارێک ڕادەوەستێت و تێر لێی دەڕوانێت و پاشان بەرەو ماڵەوە دەگەڕێتەوە. کاتێک گەشتەوە چووە ژوورەوە لەودیو کوچکاوری ناو ماڵیان شانی دایا و وتی خواحافیزیم لە چەمی ‌خان کردووە ئیتر نایبینمەوە چونکە ئەمشەو دەمرم ئیتر ناچمەوە بۆ ئەوێ. ڕووی کردە مامە ساڵەی کوڕی وتی تۆ و حاجی کەریمی کانی‌ناو (کوڕی ژنبرای مامە ڕەحە) ئەو دوانەتان دەفم بۆ لێبدەن چونکە دڵم پێی خۆش دەبێت و ئەحە خلە شمشالم بۆ لێبات و ھەردوو فاتم؛ فاتمی ژنی ڕەحیم لەگەڵ فاتمی کچم لەملاولام دانیشن بەسەرمەوە بگرین تاکوو دەمرم. مامە ساڵەی کوڕی ھەرچەن دڵی بڕوایی نەدەھات بەڵام دەفەکەی داگرت و بە دەم سڵاوات لێدانەوە دەستیان کرد بە دەف لێدان و ئامینەی بووکی دەڵێت ئەوان دەفیان لێ دەدا و شمشاڵیان دەژەند و ئێمەش لەملاولای دانیشتینین و فرمێسکمان دەڕشت تاکوو بێدەنگ گیانی دەرچوو. مامە ساڵە دەڵێت چاوەکانی بە یەکدا نابوو وامانزانی خەوی لێ کەوتووە تاکوو دوای بڕێک لە دەف لێدان و شمشاڵ ژەندن پێیان وتین مامە ڕەحە نەماوە و گیانی دەرچووە.

مامە ڕەحە لە ۷ی خاکەلێوەی ساڵی ۱۳۳۸ و لە تەمەنی ۸۲ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی لە سونجی خواروو نێژراوە و پاش پێنج ساڵ، خانمێ‌-ی خێزانی کۆچی دوایی کردووە. پیاوێکی قارەمانی خۆبەخش و بێ‌ئیدعا بوو کە ھیچکات خۆی بە زۆر نەزانیوە. دڵێکی گەورە و بەجەرگی کوردانەی ھەبووە کە بەپێشوازی مەرگەوە دەڕۆشت.

مامە ڕەحە تەنھا یەک وێنەی دوا خۆی جێ ھێشتوە کە لە ساڵەکانی ۱۳۳۰ لە گرێ‌بەردانی پشت تونێلەکەی ئێستا لە تەنیشت چەند بەرپرس و کەسی ناسراوی ناوچەی بانە ڕاوەستاوە. وەک لە وێنەکەدا ھاوساری ھێسترەکەی بە دەستەوەیە پێدەچێ ڕەچەشکێن و ڕێنیشاندەری ئەو کەسانە بێت کە لە وێنەکەدا دەرکەوتوون.

انتهای خبر/

برچسب ها

این مطلب بدون برچسب می باشد.